وەزارەتی دارایی هۆکاری خەرجنەکردنی مووچەی بەشێک لە خانەنشینانی سلێمانی ڕوونکردەوە
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بە خەرجنەکردنی مووچەی مانگی 2 (شوبات)ی ژمارەیەک لە خانەنشینانی سەربازی لە سنووری سلێمانی بڵاوکردەوە. وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە کێشەی زۆربەی ئەو خانەنشینانە چارەسەر کراوە و ناویان خراوەتە ناو لیستی مووچەی مانگی 3 (ئادار).
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، کێشەکە پەیوەندی بە 801 خانەنشینی سەربازییەوە هەبووە (کە کەمئەندامی سەنگەرن و پێشتر لەسەر میلاکی هێزەکانی 70 بوون). هۆکاری سەرەکی دروستبوونی ئەم گرفتە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە کاتی گواستنەوەی دۆسیەکانیان لە وەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ وەزارەتی دارایی، کارە یاساییەکانیان تەواو نەبووە و لەو کاتەدا لیستی مووچەی مانگی 2 ڕەوانەی بەغدا کرابوو.
کۆدی UPN و وردەکاریی چارەسەرکردنی کێشەکە
دوای وردبینی لیژنە تایبەتەکان، دەرکەوتووە کە بەشێکی زۆری ئەو خانەنشینانە کۆدی کەسیی (UPN)یان نەبووە یان کێشەی وارس و مامەڵەی یاساییان هەبووە. وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند:
- کێشەی 750 خانەنشین لە کۆی 801 کەسەکە بە تەواوی چارەسەر کراوە.
- ئەم کەسانە ناویان لە سیستەمی پەیڕۆڵی مانگی 3 تۆمار کراوە و مووچەیان بۆ بەستراوەتەوە.
- بوونی کۆدی UPN مەرجێکی سەرەکییە و بەبێ ئەو کۆدە هیچ مووچەخۆرێک ناخرێتە سیستەمی پەیڕۆڵەوە.
چارەنووسی مووچە خەرجنەکراوەکانی ڕابردوو
سەبارەت بەو مووچانەی کە لە چەند مانگی ڕابردوودا لەلایەن بەغداوە خەرج نەکراون، وەزارەتی دارایی هەرێم دڵنیایی دا کە ئەو پارانە وەک شایستەی دارایی دەمێننەوە. وەزارەتی دارایی عێراق بەڵێنی داوە دوای پەسەندکردنی بودجەی ساڵی 2026، ئەو مووچانە بەسەریەکەوە خەرج بکاتەوە، چونکە لە ئێستادا بەهۆی پەسەندنەکردنی بودجەوە، خەرجییەکان تەنیا بە یاسای یەک لەسەر دوازدە بەڕێوەدەچن.