وردەکاریی رێککەوتنی سووریا و ئیسرائیل لەسەر ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری
بەگوێرەی راگەیێندراوی هاوبەشیان، ئیسرائیل و سووریا رێککەوتن لەسەر دیاریکردنی میکانیزمێک بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان و دەرفەتدان بە هەوڵی دیپلۆماسی و کردنەوەی دەرگەکان بەڕووی بازرگانیکردن لە نێوان هەردوو وڵاتدا.
یەکەم گفتوگۆ لە دوو مانگدا
راگەیێندراوەکە شەوی سێشەممە بڵاوکرایەوە، لەبارەی ئەنجامی ئەو گفتوگۆیانە بوو کە لە رۆژی دووشەممەوە دەستیان پێکرد لە نێوان ئەو لایەنانە. ئەمە یەکەم گفتوگۆی نێوان ئەو دوو وڵاتە بوو لە ماوەی دوو مانگدا.
میکانیزمی هاوبەش بۆ هەماهەنگی
گفتوگۆکان بوونە هۆی دیارییکردنی میکانیزمێکی هاوبەش کە مەبەست لێی ئاسانکردنی هەماهەنگی دەستبەجێ و بەردەوامە لە ئاڵوگۆڕکردنی زانیاریی هەواڵگری، هێورکردنەوەی گرژییە سەربازییەکان، پەیوەندی دیپلۆماسی و دەرفەتی بازرگانی لەژێر سەرپەرشتیی ئەمریکادا. هەروەها ئەو میکانیزمە وەک ئامرازێک دەبێت بۆ چارەسەرکردنی خێرای ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
رێزگرتن لە سەروەری و ئاسایش
لە درێژەی راگەیێندراوەکە، گفتوگۆکان لەسەر رێزگرتن لە سەروەری، سەقامگیریی سووریا و ئاسایشی ئیسرائیل و خۆشگوزەرانی هەردوو وڵات بوون. هەردوو وڵات پابەندبوونی خۆیان دووپاتکردەوە بۆ هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی رێککەوتنی ئاسایش و سەقامگیری هەمیشەیی لە ناوچە سنوورییەکان.
ستایشی ئەمریکا بۆ هەنگاوەکان
لەو راگەیێندراوە هاوبەشەدا هاتووە: ئەمریکا ستایشی ئەم هەنگاوە ئەرێنییانە دەکات و پابەندە بە پشتیوانیکردن لە جێبەجێکردنی ئەم لێکتێگەیشتنانە، ئەمەش وەک بەشێک لە هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی ئاشتییەکی درێژخایەن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.
بەگوێرەی ئەو سێ وڵاتە، رەنگدانەوەی دۆخی کۆبوونەوەکە سووربوونی لایەنەکان بوو بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانیاندا لە پێناو بەرژەوەندیی نەوەکانی داهاتوو.
سێیەمین گەڕ لە پاریس
ئەم گفتوگۆیانە سێیەمین گەڕی نێوان سووریا و ئیسرائیلن کە لە پاریس بەڕێوەچوو، بەڵام فەرەنسا خۆی ئامادەنەبوو بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە بکات.
پێش راگەیێندراوە هاوبەشەکە، بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلی بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندبوو کە گفتوگۆکانی پاریس باش و گرنگ بوون و رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی گرووپێکی کاری هاوبەش کراوە. لە درێژەی قسەکانیدا، ئەو بەرپرسە دەڵێت هەردوو وڵات ئارەزوویان دەربڕیووە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئەمنی درێژخایەن لە چوارچێوەی تێڕوانینی سەرۆک ترەمپ بۆ داهاتووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
گوشاری ئەمریکا و پێشکەوتنی رێککەوتن
بەرپرسێکی سووریایش بە میدیای ئەمریکای راگەیاندووە کە گوشارەکانی ئەمریکا زەمینەیەکی باشیان بۆ پێشکەوتنی رێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیل رەخساندووە.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کردووە: هەنگاوەکان لە لایەن سووریاوە ئاماژە بە ئاراستەیەکی ئەرێنی دەکەن، ئەمەش لەسەر بنەمای داڕشتنی رێککەوتننامەیەکی ئەمنی گشتگیر کە وەڵامی داواکارییەکانی هەردوولا دەداتەوە، بەبێ ئەوەی پێویست بە بوونی سەربازانی ئیسرائیل لە نێو خاکی سووریادا بکات. وادیارە ئەمریکاش ئارەزووی رێککەوتنێکی خێرایە. ئێمە ئامادەین گەرەنتی ئەمنی پێشکێش بە ئیسرائیل بکەین کە لە بەرامبەر کشانەوەی هێزەکانی لە نێو خاکی سووریا لەلایەن هەمووانەوە پەسند بێت. ئەمە هەنگاوێکە هەستێکی ئاسوودەیی بۆ ئیسرائیل و سووریاش دروستدەکات.
پرسی سوێدا و درووزەکان
هەروەها بەرپرسە سووریاییەکە رایگەیاندووە کە دیمەشق سازشی لەسەر هەڵوێستی خۆی نەکردووە سەبارەت بە شاری سوێدا و پێگەی درووزییەکان کە ئیسرائیل داوای کردنەوەی رێڕەوێکی مرۆیی لەو ناوچە سنوورییە کردبوو بۆ پاراستنی درووزەکان.
هەڵوێستی نەتەنیاهوو
ئۆفیسی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل درەنگانی شەوی سێشەممە رایگەیاند کە گفتوگۆکان لەگەڵ سووریا بەشێک لە تێڕوانینی سەرۆک ترەمپە بۆ بەرەوپێشبردنی پرسی ئاشتی لە تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئیسرائیل هەوڵدەدات پەیوەندییە ئابوورییەکان بەهێز بکات.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سەرۆکوەزیران، ئیسرائیل جەختی لە گرنگیی دابینکردنی ئاسایشی هاووڵاتییان و رێگریکردن لە هەڕەشەکان لەسەر سنوورەکانی کردووەتەوە.
کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا و سووریا
لەدوای کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکەش، ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەگەڵ هاوتا سووریەکەی، ئەسعد شەیبانی کۆبووەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی سووریا، هەردوو دیپلۆماتکار تاوتوێی چۆنیەتی بەهێزکردنی هاوبەشی ستراتیژی نێوانیان کردووە، هەروەها ئامادەیی فەرەنسا بۆ دەستپێکردنەوەی چالاکییە دیپلۆماسییەکانی لە سووریا نیشانداوە.
نیگەرانی ئیسرائیل و هێرشکردنە نێو سووریا
لە پێش کۆبوونەوەکەی رۆژی سێشەممەی پاریس، ئیسرائیل ئاماژەی بەوەداوە کە ترسی ئەوە هەیە ناوچەکانی باشوور بکەوێتە دەستی گرووپە تووندڕۆکان و لەوێوە هێرش بکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل.
هێزەکانی سوپای ئیسرائیل بە قووڵایی 15 کیلۆمەتر چوونە نێو خاکی سووریاوە بە ئامانجی دەستبەسەرداگرتنی ئەو چەکانەی ئیسرائیل دەڵێت، ئەگەر بکەونە دەستی هێزە نەیارەکانی، هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی دروستدەکەن.