گوتەبێژی UN لەبارەی گرژییەکانی حەلەب: هانی لایەنەکان دەدەین گفتوگۆ بکەن

له‌لایه‌ن: - سولی لایف سولی لایف - به‌روار: 2026-01-09
گوتەبێژی UN لەبارەی گرژییەکانی حەلەب: هانی لایەنەکان دەدەین گفتوگۆ بکەن
کوردستان و جیهان

گوتەبێژی UN لەبارەی گرژییەکانی حەلەب: هانی لایەنەکان دەدەین گفتوگۆ بکەن

گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی شەڕ و ئاڵۆزی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و حەلەب و بەنی زەید دەڵێت: ئاگاداری گرژییەکانی حەلەبین، هانی هەموو لایەنەکان دەدەین گفتوگۆ بکەن.

ئاگاداری نەتەوە یەکگرتووەکان لە گرژییەکان

ستیفان دوژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: ئەو ڕاپۆرتانەمان بینیون لەبارەی زیادبوونی گرژییەکان هەن، هەروەها ئاگاداری راپۆرتەکانی نەبوونی پێشڤەچوونین لە نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات هەن.

دەستپێکی شەڕەکان و قوربانییەکان

رۆژی سێشەممە 6ی 1ی 2026 شەڕ و ئاڵۆزی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب لە نێوان هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا و هەسەدە روویدا. ئاسایشی نێوخۆی حەلەب سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاندووە کە سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و 26 کەسی دیکەش بریندار بوون.

رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هاندانی گفتوگۆ

لەبارەی رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە گفتوگۆکانی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا، گوتەبێژەکەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: ئێمە بەردەوام دەبین لەوەی کردوومانە، هەرچی لەدەستمان بێت بۆ هاندانی لایەنەکان تاوەکو بەردەوام بن لە گفتوگۆ، دەیکەین.

دەشڵێت: ئەو هەنگاوە (دانوستاندنەکان) پێویستی بە یەکخستنی دەزگە ئەمنییەکان هەیە لەپێناو بەرژەوەندی هەموو سووریەکان، ئێمەش بەردەوام ئامادە دەبین بۆ کارکردن بەو ئاراستەیەدا.

تۆمەت و تۆمەتبارکردنی دوو لایەن

بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر گرووپەکانی سەر بە حکومەت بە پێشێلکردنی رێککەوتنیان لەگەڵ حکومەتی سووریا دادەنێن. بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر رایگەیاندووە: گرووپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بە هەموو جۆرە چەکێکی قورس هێرشیان کردووەتە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود، ئەشرەفییە و بەنی زەید.

لە بەرامبەردا وەزارەتی بەرگریی سووریا هەسەدە بە زیادبوونی گرژییەکان و هێرشکردن تۆمەتبار دەکات.

هەڵوێستی UN سەبارەت بە خۆپێشاندانەکانی ئێران

گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی خۆپێشاندانەکانی ئێرانیش دەڵێت: زۆر روون بووین لە دەربڕینی نیگەرانییەکانی سکرتێری گشتی سەبارەت بەو تووندوتیژییانەی بینیمان، نەبوونی توانای خەڵک بۆ ئەوەی بتوانن بە ئازادانە و ئاشتییانە رای خۆیان دەربڕن.